کەرەستەی پارێزی سکپڕی
Contraceptives
کورتاجکردن یان لەباربردن واتە کۆتایی پێهێنانی زگپڕی. لە سویددا بۆت هەیە بهپێی یاسا، ئازادانە تاکوو كۆتایی ههفتهی 18ی زگپڕی کورتاج بکەیت. لە هەر تەمەنێکدا بیت، تۆ خۆت بڕیار دەدیت کە ئاخۆ کورتاج بکەیت یان نە. نە بنەماڵەکەت یان نە ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا زگپڕیت، بۆی هەیە بڕیار بدات. ئهمه تهنانهت ئەگەر هاوسەرگیریشیت کردبێت یان نە، برەوی هەیە.
ئەگەر هاتوو هۆکارێکی تایبەتت هەبێت بۆت هەیە پاش ههفتهی 18ی زگپڕی بەڵام پێش لە هەفتەی 22، کورتاج بکەیت. کارمەندانی تەندروستی دهتوانن یارمەتیت بدەن تاکوو داخوازینامەی کورتاج پێشکەش بکەیت. ههفتەکانی زگپڕی له یەکەم ڕۆژی دوایین سووڕی مانگانهوه دەژمێردرێن.
له سویددا، ههموو ژنێک مافی کورتاجکردنی ههیه و گرنگ نییه کە هۆکارەکەی چی بێت. ئەگهر پێت خۆش نەبێت، پێویست ناکات بۆ هیچ کەس باس بکەیت کە بە هۆی چییەوە دەتەوێت کورتاج بکەیت. ههموو کارمەندانی تەندروستی و وهرگێڕهکان له وڵاتی سوید ئەرکی پاراستنی نهێنییان هەیە. ئهمه بهم واتایه که ئەوان بۆیان نییە بۆ هیچ کهس باسی بکەن که تۆ کورتاجت کردووە. ئەگهر تهمهنت خوارووی 18 ساڵه بێت، باشە کە لەگەڵ دایکوباوکەکەت قسە بکەیت یان پاڵپشتی لە کهسێکی گهورهتر له خۆت وەربگریت.
کورتاجکردن دهکرێ لەڕێگەی دەرمانى یان نەشتەرگەرییەوە جێبهجێ بکرێت.
کورتاجی دەرمانى باوترین شێوەیە و زۆربەی کورتاجەکان لە سەرەتای زگپڕیدا جێبەجێ دەکرێن. کورتاجی دەرمانى بە دوو قۆناغ دەکرێت. له یهکهمین سهرداندا، حهبێکت، كه قووتى دەدى، پێ دهدرێت که لەشت ئامادە دەکات بۆ قۆناغی دواتری کورتاجەکە. هەندێک کەس بە هۆی حەبەکەوە تووشی خۆێنبەربوون دەبن بەڵام ئەمە شتێکی مەترسیدار نییە. پاش یەک تا سێ ڕۆژ، دیسان دەگەڕێیتەوە و چەند حەبێکت پێ دەدرێت. حەبەکان دەتوانرێت یان قوت بدرێن یان لە ناو زێیەوە دابنێردرێن. ئەم حەبانه دەبنە هۆی خوێنبەربوون. دواى ئەوه ئیتر زگپڕییەکە نامێنێ. ئەم قۆناغە، واتە پێش هەفتەی 9 تاکوو 10ی زگپڕی زۆر جار لە ماڵەوە دەکرێت. هەندێک جار لە نەخۆشخانەدا جێبەجێ دەکرێت و ئەوکات پێویستە چەند کاژێرێک لەوێدا بمێنیتەوە.
لە قۆناغی دواتری زگپڕیدا کورتاجی دەرمانى هەمیشە لە نەخۆشخانەدا جێبەجێ دەکرێت. شێوازەکەی بە هەمان شێوەی ئەو کورتاجکردنە دەرمانيیەکەیە کە لە سەرەتاکانی زگپڕیدا جێبەجێ دەکرێت بەڵام دووەمین سەردانەکە کاتی زۆرتر دەخایەنێت و لهوانهیه ڕۆژێک و ههندێ جار شهوێک له نهخۆشخانهدا بمێنییهوه. لە تەواو ئەو ماوەیە کە کورتاجکردن رێگەپێدراوە، بۆت هەیە کورتاجی دەرمانى بکەیت.
کورتاجی نەشتەرگەری كردەيەكى سووک و گچکەیە. زۆر جار بێهۆش دەکرێیت بەڵام لە هەمان رۆژدا دەتوانیت له نەخۆشخانهوه بگەڕێیتەوە ماڵ. لە سەرەتاى هەفتەی 7-وە تا کۆتایی هەفتەى 12 بۆت هەیە کورتاجی نەشتەرگەریی بکەیت.
پاش کورتاجکردن ئاساییە کە تاکو چەند هەفتەیەک خۆێنت لێ بێت. تا ئەو کاتەی کە خوێنت لێ دێت یان تەڕاوی قاوەیت هەیە باشتر وایە خۆت بپارێزیت لە سێکس لەڕیگەی زێیەوە و تامپۆن و فينجانى سووڕی مانگانە بەکار نەهێنیت. هەروەهاش باشتر وایە بۆ ماویەک مەلە نەکەیت، بەڵام دەتوانیت دووش بگریت. ئەگەر تاوت هەبێت، بەشی خۆارەوەی زگت ئێش بکات یان تەڕاوەکەت بۆگەن بێت، رەنگە نیشانەی هەوبوون بێت. ئەوجا پێویستە پەیوەندی بە چاودێریی تەندروستیەوە بکەیت. کورتاجکردن مانای ئەوە نییە کە لە داهاتوودا دژوارتر زگپڕ دەبیت.
یەکسەرە پاش کورتاجکردن لەش ئامادەیە کە دیسان زگپڕ بێتەوە. جا بۆیە گرنگە کە ئەگەر نەتەوێت زگپڕ بیت، یەکسەرە کەرەستەیەکی پێشگیری لە زگپڕی بەکار بهێنیت. لەکاتی کورتاجکردنەکەدا دەتوانی لەگەڵ مامانەکەدا قسە بکەیت کە دەتوانێت یارمەتییت بدات تاکوو کەرەستەیەکی پێشگیریی دڵنیا ببینیتەوە. ئەگەر لەکاتی کورتاجەکەدا پێویستت بەوە هەبێ کە لەگەل کەسێکدا قسە بکەیت دەتوانی چاوت بە راوێژکار یان دەروونناسێک بکەوێت.
ههموو کەس مافی کورتاجکردنی ئازادانەیان هەیە و بڕیاردان بە دەستی خۆتە.
فیلمی لەباربردنی منداڵ لەبارەی ئەوەیە کە ئەگەر هاتوو زگپڕ بووی بەڵام نەتهەوێ منداڵت هەبێت چ رێکارێک دەتوانی بگریتە بەر. لەباربردنی منداڵ واتە تۆ کۆتایی بە زگپڕبوون دەهێنیت. لە سوید هەموو کەسێک بۆی هەیە تاکوو ههفتهی 18 منداڵەکەی لەبار ببات. دەکرێ دواتریش منداڵەکەت لەبار ببەی، بەڵام ئەوکات دەبێ هۆکارێکی تایبەتیت هەبێ. لەباربردنی منداڵ مەترسیدار نییە و ئەگەریش پێشتر منداڵت لەبار بردبێ هێشتا دەتوانی زگپڕ بیت و منداڵت ببێ.
۱. ئایا شتێک لە فیلمەکەدا هەیە کە بۆ تۆ تازە بێت؟
۲. چ ئاستەنگگەلێک بۆ ئەنجامدانی کورتاج دەتوانێت هەبێت؟
۳. ئەو کەسەی دەیەوێت کورتاج بکات هەندێک جار لەلایەن دەورووبەرەوەی پێشی لێ دەگیردرێت. کاتێک یەکێ لە کەسانی نزیکی خۆت بیەوێت کورتاج بکات چۆن دەتوانیت پاڵپشتیی بکەیت؟
قسەکردن لەگەڵ کەسێک سەبارەت بە فیلمەکە دەتوانێت گرنگ بێت و تێڕوانینێکی نوێت پێ بدات. لەوانەیە پرسیار و بیرکردنەوەت هەبێت کە باشە لەبری ئەوەی بەتەنها بیری لێبکەیتەوە لەگەڵ کەسانی تر باسی بکەیت. بە دەربڕین و گوێگرتن لە یەکتر دەتوانین پاڵپشتی وەربگرین و پێکەوە فێر بین.
ئایا دەتەوێت گروپێک دابمەزرێنیت و باسی فیلمەکان بکەیت؟ لێرەدا رێنوێنیت دەست دەکەوێت کە چۆن ئەم کارە بکەیت.